بەشی فەرموودە

ج: لە ئەمیری باوەڕداران ئەبی حەفس عومەری کوڕی خەتابەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: گوێم لە پێغەمبەری خودا بوو -صلى اللە علیە واله وسلم- کە دەیفەرموو: «ھەموو کار وکردەوەیەک بە پێی نیەت ومەبەستە، وھەموو کەسێکیش بە پێی نیەتەکەی پاداشت دەدرێتەوە، بۆیە ئەو کەسەی کۆچکردنەوەی بۆ لای خودا وپێغەمبەرەکەی؛ ئەوا کۆچکردنی بۆ لای خودا وپێغەمبەرەکەیەتی، وئەوەی کۆچکردنی بۆ بەدەست هێنانی شتومەکی دونیا بێت یان ئافرەتێک بێت کە مارەیی بکات؛ ئەوا کۆچکردنەکەی بۆ ﻻی ئەو شتانەیە». [رواه البخاري ومسلم].
هەندێک سوود لە فەرموودەکە:

1- هەموو کردەوەیەک دەبێت نیەتی لەگەڵدا بێت، لەنوێژ وڕۆژوو وحەج وهتد لەکردەوەکان.
2- دەبێت لەنیەتیدا دڵسۆز بێت بۆ خواى گەورە -سبحانه وتعالى-.
فەرموودەی دووەم:

ج: لە دايكی ئیمانداران (ئوم عبدالله) عائیشەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەوەی کردەوەیەک (پەرستنێک) دابهێنێت لەم فەرمانەی ئێمە (واتە: لەم ئاینەی ئێمە) کە تێیدا نەبێت؛ ئەوا ئەو کردەوە داهێنراوە -ئەو بیدعەیە- ڕەت دەکرێتەوە». [رواه البخاري ومسلم].
هەندێک سوود لە فەرموودەکە:

1- نەهی کردن لەداهێنان -بیدعەکردن- لە ئاینی ئیسلامدا.
2- ئەو کردەوە وپەرستنانەى دادەهێنرێن لەنێو ئاینی ئیسلامدا ؛ ڕەت دەکرێنەوە وقبوڵ ناکرێن.
فەرموودەی سێیەم:

ج: لە عومەری کوڕی خەتابەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «کاتێک دانیشتبووین لای پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- پیاوێک دەرکەوت وهاتە لامان، جلەکەی زۆر سپی وقژی زۆر ڕەش بوو بەوەی نەدەکرد کەسێکی موسافیر بێت وکەسیش لە ئێمە نەی دەناسی هات دانیشت لە بەرامبەر پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ودەستەکانی لە سەر قاچەکانى خۆی دانا، و ووتی: ئەی موحەمەد ئیسلام چییە؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: ئەوەیە کە شاهێدی بدەیت بە (لا إله إلا الله ومحمداً رسول الله)، ونوێژ ئەنجام بدەیت وزەکات بدەیت وڕۆژووی ڕەمەزان بگریت وحەج بکەیت بۆ ماڵی خودا ئەگەر توانیت، ووتی: ڕاست دەکەیت، پێشەوا عومەر دەڵێت: (سەیر بوو بە لامانەوە، پرسیاری لێدەکرد ودەیووت ڕاست دەکەیت). پاشان پیاوەکە ووتی: هەواڵم پێبدە سەبارەت بە ئیمان؟ -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: ئیمان ئەوەیە باوەڕ بهێنیت بە خودا وفریشتەکانی وکتێبەکانی وپێغەمبەرانی وڕۆژی دوایی، وباوەڕت هەبێت بە قەدەر بە خێر وشەڕی، ووتی: ڕاست دەکەیت، هەواڵم پێبدە سەبارەت بە ئیحسان (پلەی چاکەکاری لە پەرستندا)؟ -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: خودا بپەرستیت وەکو ئەوە بێت کە بیبینیت خۆ ئەگەر تۆ ئەو نەبینیت ئەوا ئەو تۆ دەبینێت، ووتی: هەواڵم پێبدە سەبارەت بە کاتی ڕوودانی قیامەت (الساعة)؟ -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: ئەوەی پرسیاری لێکراوە زاناتر نیە لەو کەسەی پرسیار دەکات، ووتی: هەواڵم پێبدە سەبارەت بە نیشانەکانی (نیشانەکانی ڕوودانی قیامەت)؟ -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: (أنْ تلِدَ الأَمَةُ ربَّتَها) واتە: منداڵەکان ببنە گەورە وسەردار بە سەر بەخێوکارەکانیانەوە -دایک- ( یان بە واتای ئەوە دێت کە کەنیزەکەکان ئەو منداڵەی کە دەیانبێت دەبن بە پادشا)، وببینیت کە کەسانی پێ پەتی و هەژار کە شوانێتی دەکەن بینای بەرز دروست بکەن، پاشان پیاوەکە ڕۆیشت، وعومەر دەڵێت: بۆ ماوەیەک ماینەوە پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: ئەی عومەر دەزانیت ئەوە کێ بوو پرسیاری دەکرد؟ ووتم: خودا وپێغەمبەرەکەی دەزانن، -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: ئەوە جبریل بوو هات بۆ ئەوەی ئاینەکەتان فێر بکات». [رواه مسلم].
هەندێک سوود لە فەرموودەکە:

1- پێنج پایەکەى ئیسلام؛ بریتین لە:
شاهێدی دان بە (لا إله إلا الله و محمدا رسول الله) واتە: (هیچ پەرستراوێک شایستەى پەرستن نییە بەهەق وڕاستی جگە لە الله، وموحەممەد پێغەمبەر ونێردراوی خودایە).
ونوێژ ئەنجامدان.
وزەکاتدان.
وڕۆژووگرتنی مانگی ڕەمەزان.
وحەجکردن بۆ ماڵی پیرۆزی الله
2- شەش پایەکەى ئیمان، بریتین لە:
باوەڕهێنان بە الله.
وباوەڕهێنان بە فریشتەکانى.
وباوەڕهێنان بە کتێبەکانى.
وباوەڕهێنان بە پێغەمبەرانی.
وباوەڕهێنان بە ڕۆژی دوایی.
وباوەڕهێنان بە قەدەر خێر وشەڕی.
3- باسی پایەی (ئیحسان:چاکەکاری) بکە، ئەمیش یەک پایەیە، ئەویش بریتیە لەوەى خواى گەورە بپەرستیت وەکو ئەوە وابێت دەیبینیت، ئەگەرچیش تۆ ئەو نابینیت بەڵام ئەو تۆ دەبینێت.
4- کاتی ڕوودانى قیامەت، کەس نایزانێت جگە لە الله -سبحانه وتعالى-.
فەرموودەی چوارەم:

ج: لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «چاکترین وکامڵترین باوەڕدار لە ئیماندا ئەوەیانە : کە چاکترین وجوانترین ڕەوشتی هەیە». [رواه الترمذي وقال: "حديث حسن صحيح"].
هەندێک سوود لە فەرموودەکە:

1- هاندان وئامۆژگاری کردن بۆ پابەندبوون بەڕەوشت جوانى.
2- کامڵی لە ڕەوشت جوانى ئاماژەیە بۆ کامڵی لەئیماندا.
3- ئیمان -باوەڕ- زیاد وکەم دەکات.
فەرموودەی پێنجەم:

ج: لە عبداللەی کوڕی عومەرەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەوەی سوێند بەغەیری خوای گەورە بخوات ئەوا کوفر یان شیرکی ئەنجامداوە». [رواه الترمذي].
هەندێک سوود لە فەرموودەکە:

1- دروست نییە سوێند خواردن بە جگە لە خواى گەورە -سبحانه وتعالى-.
2- سوێند خواردن بە جگە لە خواى گەورە -سبحانه وتعالى- ؛ شیرکی بچووکە.
فەرموودەی شەشەم:

ج: لە ئەنەسەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «هیچ کەسێک لە ئێوە ئیمانی تەواو وکامڵ نابێت؛ هەتا ئەو کاتەی من خۆشەویستتر دەبم لە لای لە منداڵەکەی وباوکی وهەموو خەڵکی». [رواه البخاري ومسلم].
هەندێک سوود لە فەرموودەکە:

1- واجبە خۆشویستنی پێغەمبەر ﷺ زیاتر لە هەموو خەڵکی.
2- ئەوەى بەم شێوەیە بێت ؛ ئەوا ئەمە ئاماژەیە بۆ کامڵی ئیمان وباوەڕی.
فەرموودەی حەوتەم:

ج: لە ئەنەسەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «هیچ یەکێک لە ئێوە باوەڕی کامڵ نییە هەتاوەکو ئەوەی بۆ خۆی پێی خۆشە بۆ برای مسوڵمانیشی پێی خۆش بێت». [رواه البخاري ومسلم].
هەندێک سوود لە فەرموودەکە:

1- لەسەر ئیماندارە کە ئەو خێر وچاکە وسوودەى بۆ خۆی پێی خۆشە ؛ بۆ ئیماندارانیش پێی خۆش بێت وەکو ئەو بەدەستی بهێنن.
2- ئەگەر باوەڕدار بەم شێوەیە بوو ئەوا ئەمە ئاماژەیە بۆ کامڵی ئیمان وباوەڕی.
فەرموودەی هەشتەم:

ج: لە ئەبی سەعیدى خودریەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «پیاوێک بیستی پیاوێکی تر : (قل هو الله أحد) دەخوێنێت ودووبارەی دەکاتەوە، کاتێک بەیانی بەسەردا هات، ئەویش هات بۆ لای پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، وئەمەى بۆی باسکرد، پێ وابوو کردەوەیەکی کەمە، پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «سوێند بە ئەو -زاتەى- نەفسی منی بەدەستە -پاداشتی- هاوتایە بە -پاداشتی خوێندنی- سێیەکی قورئان». [رواه البخاري].
هەندێک سوود لە فەرموودەکە:

1- فەزڵ وپلەوپایەى سورەتی -الإخلاص-.
2- پاداشتی خوێندنی ئەم سورەتە هاوتایە بەرامبەر پاداشتی خوێندنی سێیەکی قورئان.
فەرموودەی نۆیەم:

ج: لەئەبی موساوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «لا حول ولا قوة إلا بالله* ؛ گەنجینەیەکە لە گەنجینەکانى بەهەشت» ، *(واتە: هیچ هێز وتوانایەکمان نییە مەگەر ئەوە نەبێت کە خودا بەویستی خۆی پێمانى دەبەخشێت). [رواه البخاري ومسلم].
هەندێک سوود لە فەرموودەکە:

١- فەزڵی ئەم ڕستەیە، گەنجینەیەکە لەگەنجینەکانى بەهەشت.
٢- بەندە بەریئبوونی خۆی ڕادەگەیەنێت لە توانا وهێزی خۆی، و بەتەواوى پشت بەستن وتەوەکولى تەنها بە الله یە -سبحانه وتعالى-.
فەرموودەی دەیەم:

ج: لەنوعمانی کوڕی بەشیرەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: گوێم لە پێغەمبەری خودا بوو -صلى اللە علیە وسلم- کە دەیفەرموو: «لە لاشەدا پارچە گۆشتێک هەیە ئەگەر چاک بوو؛ ئەوا هەموو لاشە چاک دەبێت، وئەگەر خراپ بوو ؛ئەوا هەموو لاشە خراپ دەبێت ئەویش بریتیە لە دڵ». [رواه البخاري ومسلم].
هەندێک سوود لە فەرموودەکە:

1- چاکبوونی دڵ هۆکارە بۆ چاکبوونی ڕووکەش -ئاشکرا- وناخ -نهێنی وشاراوە-.
2- گرنگیدان بەچاکبوونی دڵ چونکە دەبێتە هۆی چاکبوونی مرۆڤ.
فەرموودەى یانزەیەم:

ج: لە موعازی کوڕی جەبەلەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «هەرکەسێک کۆتا قسەی: (ﻻ إله إﻻ الله) بێت ؛ دەچێتە بەهەشتەوە». [رواه أبو داود].
هەندێک سوود لە فەرموودەکە:

1- فەزڵ وپلەوپایەى (ﻻ إله إﻻ الله)، وبەندە بەهۆیەوە دەچێتە بەهەشت.
2- پاداشتی ئەو کەسەی کۆتا قسە کە دەیڵێت لە دونیادا (ﻻ إله إﻻ الله) بێت ؛ ئەوا دەچێتە بەهەشتەوە.
فەرموودەی دوانزەیەم:

ج: لە عبداللەی کوڕی مەسعودەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئیماندار تانەدەر ونەفرەتلێکەر وجوێندەر ودەمشڕ نییە». [رواه الترمذي].
هەندێک سوود لە فەرموودەکە:

1- نەهی کردن لە هەموو قسەیەک پوچەڵ وناڕەوا وناشیرین بێت.
2- نەووتنی ئەم شتە ناشیرینانە ؛ سیفەتی ئیماندارە لە زمانیدا.
فەرموودەی سیانزەیەم:

ج: لەئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «لە چاکیەتی ئیسلامەتی مرۆڤ : ئەوەیە واز بهێنێت لەشتێک کە پەیوەندی بە ئەوەوە نەبێت». [رواه الترمذي وغيره].
هەندێک سوود لە فەرموودەکە:

1- وازهێنانى ودوورکەوتنەوەى مرۆڤ لەو شتانەى پەیوەندی بە ئەوەوە نییە لەبابەتەکانى ئاین ودونیا.
2- وازهێنان ودوورکەوتنەوەى مرۆڤ لەو شتانەى پەیوەندی بە ئەوەوە نییە ئاماژەیە بۆ کامڵی ئیسلامەتی ئەو کەسە.
فەرموودەی چواردەیەم:

ج: لەعبداللەی کوڕی مەسعودەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەوەی پیتێک لە کتێبەکەی خوای گەورە (قورئان) بخوێنێت؛ ئەوا چاکەیەکی بۆ دەنووسرێت وچاکەیش بە دە ئەوەندەیە، ناڵێم (ألم) پیتێکە، بەڵکو: ئەلیف (أ) پیتێکە، و لام (ل) پیتێکە، و میم (م) پیتێکە»، [-واتا بە خوێندنی (ألم) سی چاکەی بۆ دەنووسرێت]. [رواه الترمذي].
هەندێک سوود لە فەرموودەکە:

1- فەزڵ وپاداشتی خوێندنەوەى قورئان.
2- بەرامبەر هەر پیتێک کە دەیخوێنێتەوە دە چاکەت بۆ دەنووسرێت یان زیاتر.